ئەربیل لایف – هەولێر
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە ئۆتۆمبێلە کارەبایییەکان(EV) ڕاگەیاند؛ بەپێی بڕیارەکە، تابلۆی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە لە ئۆتۆمبێلە سووتەمەنییەکان جیا دەکرێتەوە و هێمایەکی تایبەتی کارەبایان لەسەر دەدرێت.
ئەم هەنگاوەی هاتوچۆ، کە هاوتایە لەگەڵ پێوەرە جیهانییەکان، بە ئامانجی ئاسانکارییە
بۆ ناسینەوەی ئۆتۆمبێلە کارەبایییەکان لەسەر شەقامەکان. یەکێک لە هۆکارە
سەرەکییەکانی ئەم جیاکردنەوەیە، پاراستنی سەلامەتییە؛ تا لە کاتی ڕوودانی
ئاگرکەوتنەوەدا، تیمەکانی بەرگریی شارستانی بزانن ئۆتۆمبێلەکە کارەبایییە و ماددەی
گونجاو بۆ کوژاندنەوەی پاترییەکەی بەکار بهێنن. هەروەها ئەم تابلۆیانە یارمەتیدەر
دەبن بۆ دیاریکردنی شوێنی تایبەت بە بارگاویکردنەوە و وەستانی ئەم ئۆتۆمبێلانە لە
داهاتوودا.
پرۆسەی گۆڕینی تابلۆکان لە ئێستاوە دەستی پێ کردووە و بە شێوەیەکی “بێ بەرامبەر” بۆ
خاوەن ئۆتۆمبێلە کارەبایییەکان ئەنجام دەدرێت. هاتوچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد،
کە ڕێژەی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە هەرێمی کوردستان ڕوو لە زیادبوونە و
ئەم بڕیارەش بەشێکە لە پلانی ڕێکخستنی کەرتی گواستنەوە بەپێی گۆڕانکارییە
تەکنۆلۆژییەکان.

