ئەربیل لایف – هەولێر ئەمڕۆ، لە ژێر چاودێریی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی،
تاقیکردنەوەیەکی نیشتمانی بۆ ٤٦٥ مامۆستای ئایینی بەڕێوەچوو، بە مەبەستی
دەستنیشانکردنیان وەک ڕێبەری حاجیان بۆ وەرزی حەجی ساڵی ٢٠٢٧.
کاروان ستونی، وتەبێژی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان،
لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “پرۆسەی تاقیکردنەوەکە بە شێوەی وزاری و لە
یەک کاتی دیاریکراودا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بەڕێوەچووە.” ئاماژەی بەوەش کرد
کە ئامانج لەم تاقیکردنەوەیە دەستنیشانکردنی شایستەترین مامۆستایانە بۆ ئەوەی
ناویان بچێتە تیروپشکەوە، بۆ ئەوەی بۆ دوو وەرزی فەریزەی حەج وەک ڕێبەر
هەڵبژێردرێن.
وتەبێژی حەج و عومرە ڕوونی کردەوە کە پرۆسەکە لە ڕێگەی سێ بنکەی سەرەکییەوە ئەنجام
دراوە:
- بنکەی هەولێر: تایبەت بە مامۆستایانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی
سۆران. - بنکەی سلێمانی: بۆ مامۆستایانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە
سەربەخۆکانی ڕاپەڕین و گەرمیان. - بنکەی دهۆک: بۆ مامۆستایانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.
سەبارەت بە مەرجەکانی وەرگرتن، کاروان ستونی ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە داواکاران
ئەم پێوەرانەیان تێدا بێت: ١. پێشنوێژ و وتارخوێن، یان تەنیا یەکێکیان بێت. ٢. بە
شێوەی فەرمی لەسەر میلاکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بێت. ٣. تەمەنی لە
نێوان ٣٠ بۆ ٦٠ ساڵدا بێت.
جێی ئاماژەیە، بەپێی پلانی وەزارەت، بۆ هەر پرۆسەیەکی ساڵانەی حەج، ٣١ مامۆستای
ئایینی وەک ڕێبەر بۆ خزمەتکردنی حاجیان دیاری دەکرێن.

