ئەربیل لایف – هەولێر ئامادەکردنی: ئەحمەد جەمال
وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کاراکردنی سیستەمی “ستیکەری دڵنیایی” و ئامرازی دیجیتاڵی، هەنگاوەکانی بۆ پاراستنی کوالێتی دەرمان و ڕێگریکردن لە ساختەکاری و گرانفرۆشی لە دەرمانخانەکاندا چڕتر کردووەتەوە.
ئەم سیستەمە کە لە تەواوی دەرمانخانەکانی هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ کراوە، گەرەنتی ئەوە دەدات کە دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان هەموو قۆناغەکانی کوالێتی کۆنتڕۆڵیان تێپەڕاندووە.
هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی ئامرازی موگناتیسییەوە کە لە دەرمانخانەکاندا بەردەستە، لە ڕەسەنایەتی دەرمانەکە دڵنیا ببنەوە؛ بە جۆرێک لە کاتی نیشاندانی موگناتیسەکە بۆ چوارگۆشە ڕەشەکەی سەر ستیکەرەکە، ڕەنگەکەی دەگۆڕێت بۆ سەوز و ئەمەش نیشانەی ڕێگەپێدراوی بەرهەمەکەیە.
هاوکات، لە ڕێگەی سکانکردنی QR کۆدی سەر ستیکەرەکە، تەواوی زانیارییەکانی وەک (ناوی بەرهەم، وڵاتی سەرچاوە، ژمارەی باچ و بەرواری بەسەرچوون) بۆ کڕیار دەردەکەوێت.
جگە لە ڕەهەندی پزیشکی، ستیکەرەکە نرخی دیاریکراوی وەزارەتی لەسەر جێگیر کراوە و هیچ دەرمانخانەیەک ڕێگەی پێنەدراوە دەرمان بە نرخێکی بەرزتر لەوەی لەسەر ستیکەرەکە نووسراوە بیفرۆشێت.
وەزارەتی تەندروستی جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم ڕێکارانە بۆ کۆتایی هێنانە بە دوودڵیی هاووڵاتییان و دابینکردنی دەرمانی سەلامەت. هەروەها هێڵێکی گەرم بۆ وەرگرتنی سکاڵا و سەرپێچییەکان تەرخان کراوە تاوەکو لە کاتی هەر گرانفرۆشییەک یان نەبوونی ستیکەری دڵنیایی، ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر سەرپێچیکاران بگیرێتەبەر.

