ئەربیل لایف – هەولێر
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکی
فەرمیدا کە ئەمڕۆ ٣ی ئایاری ٢٠٢٦ بڵاویکردەوە، سەرجەم مامەڵە و بازرگانییەکی بە
دراوە ئەلیکترۆنییەکان (وەک USDT) و بازاڕی فۆڕێکس قەدەغە کرد.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم بڕیارە لەبەر
ڕۆشنایی ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی دارایی هەرێم دراوە.
هۆکارەکەشی بۆ نەبوونی چوارچێوەیەکی یاسایی دەگەڕێتەوە کە مافی هاووڵاتییان
بپارێزێت، چونکە هیچ کۆمپانیایەک لەم بوارەدا مۆڵەتی فەرمی کارکردنی نییە.
سزا و ڕێکارەکان: بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هەر کەس، گروپ یان کۆمپانیایەک لەژێر هەر
ناوێکدا لەم بوارانەدا کار بکات: ١- شوێنەکەی دادەخرێت. ٢- ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی
یاسایی دەبێتەوە.
ئامۆژگاری بۆ هاووڵاتییان: وەزارەتی ناوخۆ داوا لە هاووڵاتییان دەکات بۆ پاراستنی
سەرمایەکانیان لەم جۆرە مامەڵانە دوور بکەونەوە. هەروەها جەخت دەکاتەوە کە هەر
کەسێک مافێکی دارایی لای ئەو کۆمپانیا و لایەنانە هەبێت کە پێشتر کاریان کردووە،
پێویستە هەوڵی وەرگرتنەوەی بدات.

